کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی شەش زیندانیی لەسێدارەدراو هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە

12:38 - 21 خاکەلێوه 2726

بە تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوتوویەک بەسەر جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی شەش زیندانیی سیاسی لە زیندانی قزلحەساری کەرەج، تەرمەکانیان هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراونەتەوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێنی ڕاگرتن یان بەخاکسپاردنی ئەم کەسانە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەم کەسانە بریتین لە: ئەکبەر دانشوەرکار، محەمەد تەقەوی، بابەک عەلیپوور، پویا قوبادی، ئەبولحەسەن مونتەزەر و وەحید بەنی‌عامریان، کە لە نێوان ڕێکەوتی ١٠ بۆ ١٥ی خاکەلێوەدا لەسێدارە دراون.

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئەم کەسانەی بە ئەندامبوون لە "ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق" تۆمەتبار کردووە و تۆمەتی "کردەوەی تێرۆریستی" داوەتە پاڵیان.

هاوکات، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا"، ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەی ئەم زیندانیانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ، داوای ڕوونکردنەوەیان لەبارەی چارەنووسی تەرمەکان، ڕاگەیاندنی شوێنی بەخاکسپاردن و ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیان کردووە.

بەردەوامیی بێئاگایی بنەماڵەکان لە دۆخی تەرمەکان، نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە و جارێکی دیکە بابەتی شێوازی مامەڵەی ناوەندە بەناو دادوەری و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە زیندانیانی سیاسی زەق کردووەتەوە.