کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: پچرانی ئینتێرنێت لە ئێران پرسێکی مافی مرۆییە

16:08 - 21 خاکەلێوه 2726

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی ٢١ی خاکەلێوە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند کە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران چووەتە نێو هەزارەمین کاتژمێری خۆی و ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤە و دەبێت دەسەڵاتداران دەستبەجێ نەک تەنیا دەستڕاگەیشتن بۆ خەڵک بگەڕێننەوە بەڵکوو کۆتایی بەو تاریکییە دیجیتاڵییە بهێنن کە ٩٠ ملیۆن کەسی لە جیهانی دەرەوە و زانیارییە پێویستەکان دابڕیوە.

ئەم پچڕانە کە لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد ئێستا وەک درێژترین بڕانی ئینتێرنێت لەسەر ئاستی وڵات لە جیهاندا تۆمار کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستدا ڕیژیم هێشتا ئامادە نییە هێڵەکان بکاتەوە و ئەمەش ناڕەزایەتییەکی توندی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە چونکە دەبینن بەرپرسان و کەسانی نزیک لە دەسەڵات لە ڕێگەی سیمکارتی تایبەتەوە ئینتێرنێتیان هەیە.

لە لایەکی دیکەوە ئەم دۆخە گورزێکی کوشندەی لە ئابووری ئێران داوە و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان پچڕانی ئینتێرنێت لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن زیانی بە ئابووری گشتی و ٢٠ هەزار میلیارد تمەن زیانی بە ئابووری دیجیتاڵ گەیاندووە کە ئەمەش تەنیا بەشێکی کەم لەو کارەساتە داراییە نیشان دەدات کە بەهۆی ئەم بڕیارە بێ پاساوەوە ڕوویداوە.