وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو حەوتوویی، کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خاکەلێوە لە ڕێگەی ذرۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر چەند دامەزراوەیەکی گرینگی ئەو وڵاتە.
هاوکات عەربەستانیش پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشێکی هاوشێوەدا زیان بە هێڵی گواستنەوەی نەوتی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوا" گەیشتووە، کە نەوت بۆ دەریای سوور دەگوازێتەوە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خاکەلێوە، وتووێژەکان لە نێوان تاران و واشنگتۆن لە ئیسلام ئابادی پێیتەختی پاکستان دەست پێ بکەن.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" بە توندی ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتەکانی ئێران گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە پێبەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتنەکان و دروستکردنی کێشە بۆ تێپەڕبوونی نەوت لە گەرووی هۆرمۆز "شەرمەزارانە"یە و ئەوە ئەو ڕێککەوتنە نییە کە لەسەری کۆک بوون.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە ڕۆژی هەینی ٢١ی خاکەلێوە ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ئەو هێرشە دڕۆنیانەی دوێنێ کە هەوڵیان دابوو پێگەی سەربازیی سەر بە گارد میللی کوەیت بکەنە ئامانج، لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.