مێهرداد لاهوتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیسی ڕێژیم، لە لێدوانێکیدا دانی بەوە دانا کە قەیرانێکی قووڵی ئابووری، ئێرانی گرووەتەوە و وتی: "بانکەکان بارودۆخێکی باشیان نییە و نابێ بارودۆخەکە بە جۆرێک بڕوات کە سیستمی بانکییش ڕووبەڕووی مەترسی مایەپووچبوون ببێتەوە."
ناوبراو بە ئاماژەدان بە سستبوونی بەرفراوان لە کەرتە سەرەکییەکانی ئابووریدا زیادی کرد: "بەرهەمهێنان بە کردەیی ڕاوەستاوە و بەرهەمهێنەران هیچ چالاکییەکیان نییە. هەناردەکارانیش کە پێشتر لە بازاڕە دەرەکییەکاندا ئامادەییان هەبوو، ئێستا بە کردەیی هەناردەکردنیان ڕاوەستاوە."
ئەم قسانە لە کاتێکدا دەکرێن کە بەرپرسانی ڕێژیم لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار باسیان لە بەڕێوەبردنی بارودۆخەکە کردووە، بەڵام ڕاستییەکان نیشاندەری قووڵبوونەوەی قەیران و کارا نەبوونی سیاستە ئابوورییەکانن.
ڕاوەستانی هاوکاتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن کە بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هەر ئابوورییەکی زیندوو دادەنرێن، نیشاندەرەی ئەوەیە کە ئابووری ئێران بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار دەڕوات.
لە بەردەوامی ئەم ڕەوتەدا، نیشانەکانی داڕمانی پلەبەپلە لە کەرتەکانی دیکەشدا دەبینرێن؛ لە گەشەی ڕوو لە زیادبوونی هەڵاوسان و دابەزینی زیاتری توانای کڕینی خەڵکەوە بگرە تا زیادبوونی بێکاری و سستبوونی بازاڕ.
لاوازیی پێکهاتەیی سیستمی بانکی، کەمیی نەختینە و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ باشتربوونی بارودۆخەکە، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئابووری ئێران نەک هەر لەسەر ڕێڕەوی باشبووندا نییە، بەڵکوو بە خێراییەکی نێگەرانبەخش بەرەو قەیرانێکی قووڵتر هەنگاو دەنێت.