کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی جێگری ترامپ بە تاران: یاری بە کات مەکەن

16:54 - 21 خاکەلێوه 2726

جەی.دی وێنس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی و پێش بەڕێکەوتنی بۆ پاکستان ڕایگەیاند کە هیوادارە وتووێژەکان لەگەڵ ئێران ئەرێنی بن، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و وتی: ''یاریمان پێ مەکەن.''

وێنس پێش جێهێشتنی واشنگتۆن بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: ''ئێمە پەرۆشی ئەنجامدانی وتووێژەکانین و پێمان وایە ئەنجامەکەی ئەرێنی دەبێت.'' ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک چۆن سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان وتوویەتی، ئەگەر ئێرانییەکان بیانهەوێت بە نییەتێکی پاکەوە وتووێژ بکەن، ئەوا واشنگتۆن ئامادەی دەستپێشخەری و دۆستایەتییە، بەڵام ئەگەر بیانهەوێت کایە بە کات بکەن و فێڵ بکەن، ئەوا تیمی دانوستانکاری ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ئەو هەڵسوکەوتانە قەبووڵ ناکات.

بڕیارە وتووێژەکان ڕۆژی شەممە لە ئیسلام ئابادی پاێتەختی پاکستان بە شێوەیەکی ''ناڕاستەوخۆ'' بەڕێوە بچن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران مەرجی بەشداریی خۆیان بەستووەتەوە بەوەی کە دەبێت لوبنانیش بێتە ناو ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا ڕابگرێت.