ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا" باسی پەرەگرتنی قەیرانی ئاو لە ئێران و سەرهەڵدانی سنووردارێتی لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی چەندین گەورەشار دەکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای زیادبوونی ڕێژەیی کۆگای هەندێک لە بەنداوەکان، دۆخی سەرچاوە ئاوییەکان لە پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان، خۆراسانی ڕەزەوی، قوم، زەنجان و مەرکەزی هەر بە نالەباری ماوەتەوە.
لە ئەنجامدا، شارەکانی وەک تاران، کەرەج، مەشهەد، ئەراک، قوم، ئیسفەهان و یەزد لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەدا ڕووبەڕووی سنووردارێتی بوونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤٥ لەسەدی کۆگای بەنداوەکانی ئێران بەتاڵن و هەندێک لە پارێزگاکان بەراورد بە تێکڕای درێژخایەن، ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی زیاتر لە ٢٥ لەسەدی باران بارین بوونەتەوە.
ئەم بارودۆخە لە کاتێکدایە کە ئێستا بڕی ئاوی بەنداوەکانی ئێران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ١٣ لەسەد زیاتر بووە.
شارەزایان، لاوازیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە دەزانن؛ بارودۆخێک کە ژیانی میلیۆنان هاووڵاتی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.
بەردەوامیی قەیرانی ئاو لە شارە گەورەکاندا نیشاندەری ناکارامەیی جیددی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانە؛ بابەتێک کە چیتر ناتوانرێت تەنیا بدرێتە پاڵ هۆکارە سروشتییەکانی وەک کەمبوونەوەی بارانبارین.