کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ئاگربەست

20:59 - 21 خاکەلێوه 2726

لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەی ٣٩ ڕۆژ لە نێو ئاگری شەڕێکی قورسدا بوو؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر زەبری هێرشە توند و ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بوو، سەرەنجام ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ لە ئاکامی تەسلیمبوونی ڕێژیمی ئێران بە ئۆڵتیماتۆمی سەرۆکی ئەمریکا (کە ئەگەر گەرووی هورمز نەکاتەوە ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەردین)، ملی بە ئاگربەست دا.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، وێڕای چاودێریکردنی وردی بارودۆخەکە، ڕوانگەی خۆی لەم چەند تەوەرەدا دەخاتە ڕوو:

یەکەم: بەرپرسیارێتیی ڕێژیم لە جەنگ و ماڵوێرانییەکان، بەرپابوونی شەڕ و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕێژیمە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەنێو هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، پشتیوانیکردنی تیرۆریزم و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و دڕۆن، جیهانی بەرەو ناسەقامگیری بردووە. ئەم جەنگە بووەتە هۆی زیانگەیاندنی زۆر بە هاووڵاتییان و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان.

دووەم: پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکرێت کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل، بەڵام هۆشداری دەدرێت کە ئاگربەست نابێت ببێتە دەرفەتێکی تاکتیکی بۆ ڕێژیم تا وەک جارەکانی پێشوو بۆ خۆڕێکخستنەوە و نزیکبوونەوە لە چەکی ئەتۆمی کەڵکی لێ وەربگرێت. هەر ڕێککەوتنێک ئیرادەی گەلانی ئێرانی تێدا فەرامۆش بکرێت، تەنیا ئاشتییەکی کاتی و مەترسیدار دەبێت.

سێیەم: ئاگربەست تەنیا کاتێک مانای دەبێت کە ببێتە سەرەتایەک بۆ:

١. کۆتاییهێنانی یەکجاری بە دەستوەردانی سەربازی، هەواڵگری، ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ڕێژیم.

٢. هەڵوەشاندنەوەی بنەڕەتیی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان.

٣. پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و داننان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەکانی ناو ئێران، بەتایبەت مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد.

چوارەم: ئەزموونی ٤٧ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی داوە کە ئەم ڕێژیمە چاکسازیی تێدا ناکرێت و تەنیا بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دێموکراسی، ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە.

بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بوون و بەردەوامی و هێزی خۆی لە نەتەوەکەی و ویستی ئازادی و سەروەری وەردەگرێ و بەرهەمی شەڕ و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان نییە؛ بۆیە نە ئاگربەست و نە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامییەکەی ڕاناگرێ. هیچ جۆرە ئاگربەست و ڕێککەوتنێکی سیاسی نامانوەستێنێت لە هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەروەری.

 

سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی (١٤٠٥ی هەتاوی)

(١٠/٠٤/٢٠٢٦)