لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران، ڕاپۆرتەکان باس لە بوردومان و تەقینەوەی بەهێز دەکەن کە لە ئێوارەی چوارشەممە و بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە ئەنجام دراون.
لە تاران، گەڕەکەکانی شەمس ئاوا، تاڵەقانی، تێهرانسەر، سەعادەت ئاوا و دەوروبەری نۆبونیاد، هەروەها شارۆچکەی قودس و سەفادەشت لە مەلاردی سەر بە تاران، کراونەتە ئامانج.
لە پارێزگای ئیسفەهان، فڕۆکەخانەی کاشان و چەندین خاڵ لە شارەکانی ئیسفەهان، شەهرەزا، کاشان، ئاران و بیدگۆل و نەجەف ئاوا کراونەتە ئامانج. لە کرمان و سیرجانیش، ڕاپۆرتەکان باس لە هێرش بۆ سەر دوو ناوچە دەکەن.
لە باشووری ئێران، هێرش کراوەتە سەر بەندەرەکانی دەوحە لە قشم و بەندەری چارەک، کە بووەتە هۆی برینداربوونی پێنج کەس و تێکشکانی چەند بەلەمێک. هەروەها لە هێرشێکدا بۆ سەر دوورگەی هێنگام، حەوت کەس بریندار بوون.
لە پارێزگای تەورێز لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری میانە، ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦ی دیکەش بریندار بوون.
لە پارێزگای کرماشان، سێ پردی ستراتیژی کراونەتە ئامانج و زیان بە دەوروبەری زانکۆی کرماشان گەیشتووە. لە شیرازیش، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی هێشویی کە لە هێرشەکانی پێشووەوە مابووەوە، کەسێک کوژراوە و چەند کەسی دیکە بریندار بوون.
ئەرتەشی ئیسرائیل ئێوارەی چوارشەممە ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، تەنیا لە تاران ١٥ شوێنی بەرهەمهێنانی چەک و بەشێک لە وەزارەتی بەرگری، لەگەڵ کۆگای مووشەکە بالیستیکییەکان و سایتەکانی هاویشتنی مووشەک کراونەتە ئامانج.