"نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێک و لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاییەوە ئاماژە بەوە دەکات کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان ئەمن بکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بێتوانایی لە شناسایی و کۆکردنەوەی هەموو ئەو مینانەی چێنراون، بووەتە هۆی ئەوەی تەنیا چەند ڕێڕەوێکی ئەمنی سنووردار بۆ هاتووچۆی دەریایی دیاری بکرێن.
ئەم سەرچاوانە جەختیان کردووەتەوە کە بڵاوبوونەوەی مینەکان و نەبوونی پلاندانانی ورد لە مینڕێژکردندا، مەترسییەکی بەرچاوی بۆ کەشتیوانی دروست کردووە.
هەروەها ڕوون نییە کە ئایا سپای پاسداران شوێنی وردی هەموو مینەکانی تۆمار کردووە یان نا، تەنانەت لەو حاڵەتانەشی کە تۆمار کراون، ئەگەری گواستنەوەی مینەکان بەهۆی شەپۆل و تەوژمی ئاوەوە لە ئارادایە.
پێشتر سپای پاسداران دانی بەوەدا نابوو کە لە "زۆنی سەرەکیی هاتووچۆ" لە گەرووی هۆرمۆزدا ئەگەری هەبوونی جۆرەها مینی دژەکەشتی هەیە و داوای لە کەشتییەکان کردبوو کە بە هەماهەنگی، ڕێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن، بەتایبەت لە دەوروبەری دوورگەی "لارک".
بەهۆی سنوورداریی پانیی ڕێڕەوی کەشتییە گەورەکان لەم گەرووەدا، ئەم دۆخە دەکرێت ببێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.