دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە ئێران هیچ کارتێکی بەهێزی بۆ دانوستان لە دەستدا نییە تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەو بە "باج وەرگرتنی کورتخایەن لە جیهان لە ڕێگەی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانەوە" وەسفی کردووە.
ترامپ لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێرانییەکان وادیارە تێناگەن کە هیچ کارتێکیان پێ نییە جگە لە بەکارهێنانی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گوشاری کاتی لەسەر جیهان و هەر لەو پەیامەدا نووسیویەتی "تەنیا هۆکاری ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەوان زیندوون، دانوستانە"
ئەم لێدوانانە دەریدەخەن کە کۆشکی سپی هێشتا گەرووی هۆرمۆز بە گرنگترین ئامرازی گوشاری تاران و لە هەمان کاتدا بە گرێ کوێرەی سەرەکی هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری دەبینێت.
ترامپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسیویەتی ئێران لە بەڕێوەبردنی "میدیای ساختە" و "پەیوەندییە گشتییەکان"دا بەنیسبەت شەڕکردن زۆر سەرکەوتووترە.
ئەم جۆرە زمانە توندە بەردەوامی هەمان سیاسەتی گوشارە دەروونییەکانی واشنگتۆنە لە دەسپێکردنی گفتوگۆکانی پاکستان هاوکات لەگەڵ هەڕەشە سەربازییەکان پەیڕەو دەکرێت.