کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژوورنال: ئەمریکا هێز و کەرەستەی سەربازیی زیاتر دەنێرێتە ناوچەکە

11:33 - 22 خاکەلێوه 2726

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورنال" ڕایگەیاند کە ئەمریکا هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، لە ڕێگەی ناردنی هێز و کەرەستەی زیاترەوە خەریکی بەهێزکردنی هەبوونی سەربازیی خۆیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو ڕۆژنامەیە بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکایی نووسی کە فڕۆکە شەڕکەرەکان و فڕۆکە هێرشبەرەکان بەم دواییانە گەیشتوونەتە ناوچەکە. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە نێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ سەربازی تری لەشکری ٨٢ی ئاسمانی لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕەوانەی ناوچەکە بکرێن.

لەم نێوەدا، بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ناوگانی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش" لەگەڵ کەشتییە شەڕکەرەکانی هاوەڵی لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەڕێکەوتوون و ئێستا لە زەریای ئەتلەسدا جێگیر بوون.

هەروەها ناوگانی "یو ئێس ئێس باکسێر" لەگەڵ یەکەی نێردراوی هێزە دەریایییەکان (مارێنز)، لە ناوەڕاستی مانگی مارس کالیفۆرنیایان جێهێشتووە و لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان.

سەرەڕای دەستپێکردنی ئاگربەست و دانوستانەکان لەنێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، ئەم جموجۆڵانە نیشاندەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکایە لە ناوچەدا بۆ ئەگەری پەرەسەندنەوەی گرژییەکان.