میدیای "ئەخباری ئەلسەعوودیە" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئێوارەی هەینی ٢١ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە قەتەر ئەندامانی دوو تۆڕی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دەستبەسەر کردووە
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەندامانی ئەم دوو تۆڕە دانیان بەوەدا ناوە کە پلانیان هەبووە دژی دەوڵەتی قەتەر چالاکی ئەنجام بدەن.
پێشتریش ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، کۆمەڵێک کردەوەی تێکدەرانە و تۆڕی سیخوڕی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا ئاشکرا کراون و پووچەڵ کراونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی وڵاتانی ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و کوەیت لە ماوەی ٢٧ ڕۆژی ڕابردوودا، ٧٤ تۆمەتباری پەیوەندیدار بە چالاکییە سیخوڕییەکان بۆ تاران و حیزبوڵڵای لوبنانیان دەستبەسەر کردووە و ٩" شانەی تیرۆریستی"یان هەڵوەشاندووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە ئەندامانی ئەم تۆڕانە خاوەنی ڕەگەزنامەی جیاواز بوون، لەوانە ئێرانی، لوبنانی، کوەیتی و بەحرەینی و لە ڕێگەی بەڵگەنامە و دانپێدانانە بەدەستهاتووەکانەوە، ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئەوان لە پڕۆژەکانی دزەکردنی ئەمنییەتی و تێکدەرانەدا پشتڕاست کراوەتەوە.