کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ خەرازی لە هێرشێکدا لە تاران بە سەختی بریندار بوو

11:15 - 13 خاکەلێوه 2726

میدیاکانی نێوخۆی ئێران بڵاویان کردەوە، کەماڵ خەرازی، وەزیری پێشووی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران بە سەختی بریندار بووە و لە هەمان هێرشدا هاوسەرەکەشی کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکانی "شەرق" و "ئێعتماد"، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خاکەلێوە، ماڵەکەی کەماڵ خەرازی لە تاران بووەتە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل. خەرازی کە ئێستا سەرۆکی "شورای ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوە"یە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری دوو بەرپرسی ڕێژیمی ئێرانەوە باسی لەوە کردووە، کە خەرازی پێش ئەم هێرشە سەرقاڵی هەماهەنگی بووە لەگەڵ دەوڵەتی پاکستان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی ئەگەری لە نێوان بەرپرسانی تاران و "جی دی ڤانس"، جێگری سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئامانج لەم هێرشە و بریندارکردنی خەرازی، بە مەبەستی تێکدانی ئەو پڕۆسە دیپلۆماسییە نوێیە بووە کە خەریک بوو لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەست پێ بکات.

خەرازی یەکێکە لە دیارترین دیپلۆماتکارانی کۆماری ئیسلامی کە لە ساڵانی ١٣٧٦ تا ١٣٨٤ وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بووە و تا ئێستاش یەکێک لە بڕیاردەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە هەژمار دەکرێت.