دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە، لە وتارێکدا بۆ خەڵکی ئەمریکا، ئاماژەی بە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و هۆشداری دا کە لە ئەگەری دەستنەکەوتنی ڕێککەوتن، ژێرخانە هەستیارەکان لەوانە وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکرێنە ئامانجی لێدانی زۆر توند.
ترامپ لەم وتارەدا ئاماژەی بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی حەماسی" لە نزیکەی مانگێک لەمەوبەرەوە کرد و وتی کە هێزەکانی ئەمریکا لەو ماوەیەدا "سەرکەوتنی خێرا، یەکلاکەرەوە و بەرفراوانیان" بەدەست هێناوە.
ترامپ هەروەها زیادی کرد کە توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی بە توندی لاواز بووە و بەشێکی زۆری ژێرخانە سەربازییەکان، لەوانە هێزی دەریایی و ئاسمانی، زیانی جیددییان بەرکەوتووە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا بە دووبارەکردنەوەی تۆمەتەکانی پێشووی دژی کۆماری ئیسلامی، ئەو حکوومەتەی بە "گەورەترین پشتیوانی دەوڵەتیی تێرۆر" ناوبرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم ڕژێمە بەرپرسیارە لە کوژرانی ٤٥ هەزار کەس لە خۆپیشاندەرانی نێوخۆی ئێران.
ترامپ بە ئاماژەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەرگیز ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و زیادی کرد کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ڕێڕەوە، هەنگاوی سەربازی زیاتر دەگیرێتەبەر. هەروەها وتی لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن لە حەفتەکانی داهاتوودا، ئامانجە سەرەکییەکان لەوانە ژێرخانەکانی وزە بە شێوەیەکی هاوکات دەکرێنە ئامانج.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بە ئاماژەدان بە سیاسەتەکانی وزەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی چیتر پێویستی بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە، بەڵام بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی، ئامادەیی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا دەهێڵێتەوە.
ترامپ لە کۆتاییدا بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "بەمزووانە" دەگاتە ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی و ئەم هەنگاوانەی بۆ ئەمنییەتی ئەمریکا و جیهانی ئازاد بە پێویست زانی.