جیدی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وتووێژە چڕوپڕەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن دوای ٢١ کاتژمێر گفتوگۆ لە ئیسلامئاباد، بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی هاتووە و شاندی ئێرانی لە قبووڵکردنی مەرجە پێشنیارکراوەکانی ئەمریکا خۆیان پاراستووە.
وێنس ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هۆتێل سێرێنا لە ئیسلامئاباد وتی: "هەواڵە خراپەکە ئەوەیە کە نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن و ئەمەش زیاتر لەوەی بۆ ئەمریکا خراپ بێت، بۆ ئێران لێکەوتەی نەرێنی دەبێت."
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم وتووێژانە باسە بنەڕەتییەکانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام ئەمریکا ئامادە نەبووە لە هێڵە سوورەکانی خۆی پاشەکشە بکات.
جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە لە درێژەی ئەم وتووێژانەدا بەبەردەوامی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە، لە پەیوەندیدا بووە و جگە لەویش، هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ مارکۆ ڕووبیۆ و پیت هێگسێت کراوە.
وێنس زیادی کرد کە ئامانجی سەرەکی واشنگتۆن، وەرگرتنی گەرەنتی ڕوون بووە لە ئێران سەبارەت بە پەرەنەدان بە چەکی ئەتۆمی؛ بابەتێک کە تاران لە کاتی وتووێژەکاندا ئامادەی قبووڵکردنی نەبووە.
ئەم وتووێژانە بە ئامادەبوونی شاندی ئەمریکایی بە ڕێبەرایەتی وێنس و بەشداریی ستیڤ ویتکاف و جارێد کوشنێر بەڕێوەچوو. لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی و محەمەد باقر قالیباف نوێنەرایەتی ئێرانیان دەکرد.
وێنس لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "دوایین و باشترین پێشنیاری" خۆی پێشکەش کردووە و ئێستا دەبێت بزانین ئایا ئێران لە داهاتوودا قبووڵی دەکات یان نا.