کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباد لەسەر پرسی گەرووی هۆرمۆز و ئۆرانیۆم بە بنبەست گەیشت

10:42 - 23 خاکەلێوه 2726

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری "سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوتی وتووێژەکانی ئیسلام‌ئاباد بڵاوی کردەوە، کە بەشێک لە ناکۆکییەکان پەیوەندییان بە پێداگریی ڕێژیمی ئێران لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز و ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراو هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، چەندین میدیای نێوخۆیی ئێران دوای کۆتاییهاتنی ئەم کۆبوونەوەیە ڕایانگەیاند، گفتوگۆکان بەهۆی "ڕاستبین نەبوونی لایەنی ئەمریکایی" و "داواکارییە زیادەکانیان" نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

جی‌دی ڤانس، کە لایەنی سەرەکیی ئەمریکایی لە دانوستانەکاندا بوو ، دەستبەجێ دوای کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیی چوار خولەکی، ئیسلام‌ئابادی بەرەو واشنگتۆن بەجێهێشت.

ئاکسیۆس نووسیویەتی، کەس چاوەڕوانی ئەوە نەبوو ڕۆژی شەممە ڕێککەوتنی کۆتایی بێتە ئاراوە، بەڵام لایەنی ئەمریکایی هیوای دەخواست جووڵەیەکی پێویست بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان دروست بێت، تەنانەت ئەگەر بە واتای درێژکردنەوەی ئاگربەستیش بێت.

ئەم سەرچاوە هەواڵییە وتوویەتی، وتە کورتەکانی وێنس گەشبینییەکی ئەوتۆی لەم بوارەدا نیشان نەدا، هەرچەندە ناوبراو نەیوت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەردەوامبوونی پرۆسەی گفتوگۆکان کشاوەتەوە.

بنبەست لەم دانوستانانەدا، چارەنووسی ئەو ئاگربەستە دوو حەوتوویەی کە حەوتووی ڕابردوو لەسەری ڕێککەوتبوون دەخاتە نێو حاڵەتێکی تەمومژاوییەوە و ئەگەری دەستپێکردنەوە و پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان بەهێزتر دەکات.