کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان دوای شکستی وتووێژەکان داوای بەردەوامیی ئاگربەستی کرد

10:47 - 23 خاکەلێوه 2726

لە دوای کۆتاییهاتنی بێ ئەنجامی وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە ئیسلام‌ئاباد، ئیسحاق دار، وەزیری کاروباری دەرەوەی پاکستان، داوای لە هەردوولایەن کرد سەرەڕای دەستنەکەوتنی ڕێککەوتن، پێبەندی ئاگربەست بمێننەوە.

ئیسحاق دار بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وتووێژە ٢١ کاتژمێرییەکەی نێوان تاران و واشنگتۆنی بە "چڕوپڕ و بونیاتنەر" وەسف کرد و جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ئەو کەشە ئەرێنییە کردەوە کە لە کاتی گفتوگۆکاندا دروست ببوو.

ناوبراو داوای لە لایەنەکان کرد بە ئامانجی گەیشتن بە "ئاشتی و ئاسوودەیی" لە ناوچەکەدا، بەردەوام بن لەسەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی و لە هەر جۆرە هەنگاوێکی سەربازی دژی یەکدی خۆیان بەدوور بگرن.

وەزیری کاروباری دەرەوەی پاکستان لە درێژەدا ڕوونی کردەوە: "زۆر گرینگە کە لایەنەکان بەردەوام بن لە پابەندبوونیان بە ئاگربەست." هەروەها ڕۆڵی ئیسلام‌ئابادی لەم پرۆسەیەدا بە بەرچاو زانی و ڕایگەیاند کە پاکستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئاسانکاریی گفتوگۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکا.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە وتووێژەکانی ئەم دواییە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن هەردوولاوە وەک گفتوگۆی جیددی وەسف کران، نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتنێکی دیاریکراو و وتووێژەکان بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێهات.