بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە هەڵمەتی سەربازیی وڵاتەکەی دژی ڕێژیمی ئێران هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە.
ناوبراو لە پەیامێکدا کە ئاماژەی بە نەخشەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد، وتی: "ئێمە هێشتا لە شەڕداین لەگەڵیاندا" و ئاماژەی بەوەش کرد: "هێشتا کاری زۆرتر ماوە کە دەبێ ئەنجام بدرێن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا بوو کە هاوکات وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان لە حاڵی بەڕێوەچووندا بوون.
نەتانیاهوو هەروەها ئاماژەی بە کۆمەڵێک لە "دەستکەوتەکانی" ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد و وتی، یەکێک لەو دەستکەوتانە بریتی بووە لە "لاوازکردن یان لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران".
لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "ئەم دەستکەوتانە هێشتا تەواو نەکراون. هێشتا ماددەی پیتێنراو لە نێو ئێراندا هەیە و دەبێت ببرێنە دەرەوە؛ جا چ لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە بێت، یان بە ڕێگەی دیکە، هەروەک چۆن ترامپ وتوویەتی."
هەروەها ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) نووسیبووی: "ئیسرائیل لەژێر سەرکردایەتیی مندا لە شەڕکردن دژی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران و لق و پۆپەکانی بەردەوام دەبێت ، بە پێچەوانەی ئەردۆغان کە هاوکارییان دەکات و تەنانەت خەریکی کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییانی کوردی وڵاتەکەیەتی."