کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ وتارێکی سەبارەت بە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران بڵاو کردەوە

11:00 - 23 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە دوای ڕاگەیاندنی بێ‌ئەنجام مانەوەی وتووێژەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران لە ئیسلام‌ئاباد، وتارێکی بە تەوەرەی "گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیال" دووبارە بڵاو کردەوە.

ئەم وتارە لەژێر ناونیشانی "ئەو کارتە براوەیەی لای ترامپە ئەگەر ئێران پاشگەز نەبێتەوە: گەمارۆی دەریایی" لە ماڵپەڕی "Just the News" بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ئیدیعای ئەوە کراوە کە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی دەتوانێت ئابووریی ئێران بە توندی بخاتە ژێر گوشار و کاریگەری لەسەر شەریکە بازرگانییەکانی وەک چین و هیند هەبێت کە پشت بە هاوردەکردنی نەوتی ئێران دەبەستن.

لەو بابەتەدا، کارێکی لەو شێوەیە وەک دووبارەکردنەوەی "ستراتیژێکی سەرکەوتوو" لەلایەن ترامپەوە وەسف کراوە و ئاماژە بە سیاسەتەکانی پێشووی ئەو بەرامبەر ڤێنیزوێلا کراوە.

بەپێی ئەم ئیدیعایە، گوشار خستنە سەر هەناردەی نەوتی ڤێنیزوێلا لەو قۆناغەدا، بووە هۆی لاوازکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە.

لەو وتارەدا لە زمانى هەندێک لە شارەزایانەوە ئاماژە بەوە دراوە کە ترامپ دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لە ڕێگەی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هۆرمۆزدا لەنێو ببات.

هەروەها لە وتارەکەدا ئاماژە بە ڕوانگەکانی جەک کین، ژێنڕاڵی خانەنشینکراوی ئەرتەشی ئەمریکا کراوە کە پێشنیاری سەپاندنی گەمارۆی دەریایی یان کۆنترۆڵکردنی خاڵە سەرەکییەکانی وەک دوورگەی خارکی کردووە.

بە وتەی ئەو، کارێکی لەو شێوەیە دەبێتە گوشارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر هەناردەی نەوت و ئابووریی ئێران و لە کۆتاییدا کاریگەری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەبێت.

دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم وتارە لە بارودۆخێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن و داهاتووی وتووێژەکانی نێوان هەردوولا ناڕوونە.