کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپڵۆماتیکەکان

11:27 - 23 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی تیپی زرێپۆشی ٤٠١ی ئەم وڵاتە سیستمێکی مووشەکیی ئامادەی تەقاندنی سەر بە حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان دۆزیوەتەوە و تێکیان شکاندووە.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، لە ئۆپەراسیۆنەدا، بنکەیەکی سەر بە حیزبوڵڵا کە تونێلیشی تێدابووە پشکێنراوە و چەندین جۆر چەک، لەوانە مووشەکی دژە تانک، دۆزراونەتەوە. ئەرتەشی ئیسرائیل وردەکاری زیاتری سەبارەت بە شوێنی وردی ئەم ئۆپەراسیۆنە بڵاو نەکردووەتەوە.

هاوکات، پێکدادانەکانی نێوان هەردوو لایون لە درێژەی ڕۆژی شەممەدا بەردەوام بووە و ئاڵوگۆڕی تەقە لە ناوچە سنوورییەکان ڕاپۆرت کراوە. بە وتەی سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل، هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە لە شەوی هەینی و ڕۆژی شەممەدا نزیکەی ٢٠٠ ئامانجیان لە خاکی لوبناندا پێکاوە.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە بڕیارە نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان ڕۆژی سێشەممە لە واشنگتۆن کۆ ببنەوە.

لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی ئیسرائیلی جەختیان کردووەتەوە کە ئەم وڵاتە لە بارودۆخی ئێستادا هیچ بەرنامەیەکی بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حیزبوڵڵا نییە.

بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئامانجی دانوستانەکانی داهاتووی بە داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵات ناوبردووە. هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە ئاگربەستە دوو حەوتوییەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لوبنان ناگرێتەوە.