کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل سێ شەپۆلی هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاند

11:54 - 13 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی  ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بەربەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە، لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سێ شەپۆلی هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر وڵاتەکەی.

شەپۆلی سێیەمی هێرشەکان ڕاستەوخۆ دوای وتارە زیندووەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە شەڕی ئێران دەستی پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا چەند کەسێک بە سووکی بریندار بوون.

وردەکاریی زیانەکان سەرچاوە پزیشکی و فریاگوزارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٩ مووشەک بەر زەوی کەوتوون و بەو هۆیەوە ٤ کەس بریندار بوون. هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنە و ڤیدیۆی زیانەکان بڵاو کراوەتەوە کە نیشانی دەدەن ڕووبەرێکی بەرفراوان زیانی بەرکەوتووە.

هەندێک لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە لەم هێرشانەدا کۆماری ئیسلامی "تەقەمەنیی هێشویی" بەکار هێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیانەکان لە ناوچەیەکی بەرفراوانتردا بڵاو ببنەوە.

لە سەرەتای شەڕەوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل توانیویەتی زۆرینەی هەرە زۆری مووشەکە هاوێژراوەکانی ئێران لە ئاسماندا تێک بشکێنێت و ڕێگری بکات لەوەی بگەنە ئامانجە ستراتیژییەکان. ئەمەش نیشانی دەدات کە بەشێکی زۆری ئەو هێرشانە پێش گەیشتن بە زەوی پووچەڵ کراونەتەوە و کاریگەرییە سەربازییەکەیان زۆر کەم کراوەتە.