مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وێڕای بەرگریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی ئەنجام دراوە.
ڕۆبیۆ بە ئاماژەدان بەو گومانانەی کە سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە هەبوون، وتی کە کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕێڕەوی پەرەپێدانی توانای ئەتۆمی و هاوکات سەرقاڵی بەهێزکردنی کۆگاکانی مووشەک و دڕۆن بووە.
بە وتەی ناوبراو، ئەم پرۆسەیە دەبووە هۆی دروستبوونی قەڵغانێکی بەرگری کە هەر جۆرە کاردانەوەیەکی داهاتووی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، قورس یان مەحاڵ دەکرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە تاران چەندین جار هەلی پەرەپێدانی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی هەبووە، بەڵام ڕەتی کردوونەتەوە.
ڕۆبیۆ هەروەها ڕایگەیاند کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێ وڵاتێک کە لەلایەن ئاخوندە توندئاژۆکانی شیعە کە خاوەنی ڕوانگەیەکی ''ئاخر زەمانی'' بۆ داهاتوون، بەڕێوە دەبرێت، دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
ناوبراو وتیشی کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە، لاوازکردنی توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی و ڕێگریکردنە لە بەکارهێنانی ئەو توانایە وەک پاڵپشتێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی؛ هەنگاوێک کە بە وتەی ئەو بۆ ئەمنییەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زۆر پێویستە.