لە درێژەی شەپۆلی سەرکوتکارییەکانی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران سزای قورسی بەسەر پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا سەپاند.
چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی "محەممەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ"، "بیتا هیممەتی"، "بێهرووز زەمانی نژاد" و "کورۆش زەمانی نژاد"، بە تۆمەتی "کردەوەی تێکدەرانە دژی ڕێژیم و هاوکاری بۆ دوڵاتانی دوژمن و گرووپە دژبەرەکان" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم کەسانە جگە لە سێدارە، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی ئێران" سزای ٥ ساڵ بەندکران و دەستبەسەرداگرتنی هەموو ماڵ و داراییەکانیان وەک سزای تەواوکاری بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها "ئەمیر هیممەتی"، تۆمەتباری پێنجەم بە کۆی گشتی سزای ٥ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
دادگا بەبێ خستنە ڕووی بەڵگەی ورد، پاساوی ئەم سزایانەی بۆ بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و ئیدیعای بەکارهێنانی چەکی نادیار گەڕاندووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هاووڵاتییانە لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا بوون بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و لە تەواوی پرۆسەکەدا لە مافی هەبوونی پارێزەری دڵخواز بێبەش کراون.