دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی، تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دژی رافائێل گەرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بە تۆمەتی "کارکردن دژی ئەمنییەتی میللی" ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری "میزان"ی سەر بە دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران، محەممەد کازم موەحیدی ئازاد ئیدیعای کردووە کە ئەم دۆسیەیە جگە لە نێوخۆ، لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە ڕێگەی دامەزراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ دادستانەکانی گشتیی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە ژێر پێداچوونەوەدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانس لە مانگەکانی ڕابردوودا بە توندی تێک چووە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەبێ خستنە ڕووی بەڵگەی ڕوون، ئەم دامەزراوەیەیان بە "دزەپێکردنی زانیارییەکان" تۆمەتبار کردووە.
لێدوانەکانی پێشووی عەلی لاریجانی و تەنانەت وروژاندنی پرسی دادگاییکردن و لەسێدارەدانی گەرووسی لە میدیاکانی وەک "کەیهان"، نیشاندەری پەرەسەندنی گوتاری هەڕەشە و بێبایەخیی بە بنەما دیپلۆماسییەکانە.