کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەرتەشی ئەمریکا بۆ گوشارخستنە سەر تاران بەندەرەکانی ئێرانی گەمارۆ داوە

10:15 - 25 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئەرتەشی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی گوشار خستنە سەر تاران، دەستی کردووە بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی "ئاسۆشێتد پرێس"، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی ناچارکردنی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هۆرمۆز و قبوڵکردنی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ئەنجام دراوە.

 ترامپ وتی: ''ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین وڵاتێک لە جیهاندا بەردەوام بێت لە باج وەرگرتن.''

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم گەمارۆیە بەندەرەکان و ناوچە کەنارییەکانی ئێران لە کەنداو و دەریای عومان دەگرێتەوە، بەڵام هاتوچۆی کەشتییە غەیرە ئێرانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز ڕاناوەستێت و ئەگەری هەیە ئەم پرۆسەیە لەگەڵ ئامادەیی سەربازیدا بێت.

ئێران لە کاردانەوەیەکدا هۆشداری داوە کە هەر جۆرە کارێک دژی بەندەرەکان یان بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە بێ وەڵام نابێت و جەختی کردووەتەوە: ''ئەمنییەت لە کەنداودا یان بۆ هەمووانە یان بۆ هیچ کەس.''

هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە گۆڕینی ڕێڕەوی هەندێک لە نەوتهەڵگرەکان لە نزیک گەرووی هۆرمۆز دەکەن و نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەککەوتنی گواستنەوەی وزەی جیهانی زیادی کردووە.

بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستان لە ئارادایە، هەرچەندە ناکۆکییە بنەڕەتییەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.