لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ٤٥ەمین ڕۆژی لەسەریەک ئینتێرنێتی بە ڕووی خەڵکدا بەستووە، بەرپرسانی ژووری بازرگانی باس لە خەسارێکی ئابووریی گەورە دەکەن کە ڕۆژانە بەر ژێرخانەکانی وڵات دەکەوێت.
ئەفشین کولاهی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی "دانش بنیان" لە ژووری بازرگانیی ئێران، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕەخنەی توندی لە بەردەوامیی پچڕانی ئینتێرنێت گرتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە قەبارەی ئەو زیانە مادییەی ڕۆژانە بەهۆی ئەم بڕیارە لە ئابووریی ئێران دەکەوێت، بەرابەرە لەگەڵ تێکچوونی چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا یان وێرانبوونی چەندین پردی ستراتیژیک لە وڵاتدا.
کولاهی لە هەژمارکردنێکی خێرادا ڕایگەیاندووە کە پچڕانی ئینتێرنێت ڕۆژانە ٨٠ ملیۆن دۆلار خەساری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە بازاڕ و کەرتە جۆراوجۆرەکان دەگەیەنێت.
ئەم زیانە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١٠٥٠ کاتژمێرە خەڵکی ئاسایی لە ئێران لە مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و پەیوەندیی نێودەوڵەتی بێبەش کراون، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی قووڵی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و بژێوی میلیۆنان کەس داناوە.
سەرەڕای ئەوەی کە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، شەپۆلێکی توندی ڕەخنە بەرامبەر بە بەردەوامیی فلتێرینگ و پچڕانی ئینتێرنێت دروست بووە، بەڵام ناوەندە بڕیاردەرەکانی ڕێژیم تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە نەناوە.