ئەکبەر عەبدوڵڵاهی ئەسڵ، لە بەرپرسانی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان، هەواڵی سڕینەوەی ئەرزی پاڵپشتیکراوی (ارز ترجیحی) بۆ بەشێک لە دەرمانەکان و کەرەستە سەرەتاییەکانی دەرمان ڕاگەیاند؛ بڕیارێک کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی ئەو دەرمانانەی زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە.
بەوتەی ئەم بەرپرسە، ڕێژیم بەهۆی کەمیی سەرچاوە دراوییەکانەوە توانای دابینکردنی ئەرزی پاڵپشتیکراوی بۆ هەموو جۆرەکان نییە. بەپێی ئەم بڕیارە، ئەو دەرمانانەی بێ نوسخەی پزیشک دەفرۆشرێن، وەک: ئێستامینۆفین، دەرمانی سەرمابوون، دژە هیستامینەکان و شەربەتەکانی کۆکە، لەگەڵ کەرەستە سەرەتاییەکانی دروستکردنی دەرمان، بە نرخی دراوی بەرزتر دابین دەکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتریش نەخۆشە تایبەتەکان سکاڵایان لە چەند هێندە بوونی نرخی دەرمان و گرفت لە دەستڕاگەیشتن پێیان هەبووە. سەرەڕای ئەمەش، بەرپرسانی وەک محەممەدڕەزا زەفەرقەندی و محەممەد جەمالیان هەر جۆرە کەمییەکی دەرمانیان ڕەت کردووەتەوە.
شرۆڤەکاران ئەم بڕیارە بە نیشانەی ناتوانیی پێکهاتەیی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و بێبایەخیی بەرامبەر بە گوشارە بژێوییەکانی سەر خەڵک دەزانن؛ ڕێکارێک کە دەکرێت قەیرانی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان لە کۆمەڵگەدا قووڵتر بکاتەوە.