کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی لیندزی گراهام سەبارەت بە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ تاران

11:01 - 25 خاکەلێوه 2726

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازەکانی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، بەرامبەر بەو ڕاپۆرتانەی باس لە پێشنیارێک دەکەن بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێران بۆ ماوەی بیست ساڵ، کاردانەوەی توندی نیشان دا.

گراهام لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆی بۆ ئەم بیرۆکەیە دەربڕی.

گراهام بە ئاماژەدان بە هەواڵێکی پەیامنێری "ئاکسیۆس" کە تێیدا هاتبوو "ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکانی کۆتایی حەوتوو لە ئیسلام ئاباد، داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ هەڵپەسێرێت"، نووسیویەتی: ''ئەگەر ئەم ڕاپۆرتە ورد بێت، ئەوا بیرۆکەی ڕەزامەندبوون لەسەر ڕاگرتنی پیتاندن لەجیاتی قەدەغەکردنی پیتاندن، بە بڕوای من هەڵەیە."

ئەم سیناتۆرە کۆماریخوازە وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ هەوڵەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ ئێران بە شێوەی ئاشتییانە و لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، هۆشداری دا و وتی: "دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە لە دۆسیەی ئێراندا، ئێمە لەگەڵ تیرۆریست، درۆزن و فێڵبازەکان مامەڵە دەکەین."

ناوبراو بە بەراوردکردنی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ڕێکخراوی ئەلقاعیدە ئاماژەی بەوە کرد: "تەنیا جیاوازییان ئەوەیە کە یەکەمیان ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی سوننەیە و ئەوی دیکەیان دەوڵەتێکی تێرۆریستیی شیعەیە."

گراهام جەختی کردەوە وەک چۆن ئێمە هەرگیز ڕازی نابین بە "ڕاگرتنی کاتیی پیتاندن" بۆ ئەلقاعیدە، بە هەمان شێوەش نابێت بۆ کۆماری ئیسلامی ڕازی ببین.