کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ئەگەری هەیە خولی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلام‌ئاباد بەڕێوە بچێت

11:58 - 25 خاکەلێوه 2726

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زمان چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە لەم حەوتوویەدا، هەیئەتەکانی دیپڵۆماتیکی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، سەردانی ئیسلام‌ئابادی پێیتەختی پاکستان بکەن.

پێشتر دوو بەرپرسی دەوڵەتی پاکستان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی "ئاسۆشێتد پرێس"یان ڕاگەیاندبوو کە ئیسلام‌ئاباد پێشنیاری کردووە لە ڕۆژانی داهاتوودا خولی دووەمی دانوستانەکان لەنێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لەو شارەدا بەڕێوە بچێت.

لە ڕاپۆرتەکەی ئاسۆشێتد پرێسدا هاتووە کە هەوڵ دەدرێت ئەم وتووێژانە پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەستە دوو حەوتووییەکە ئەنجام بدرێن. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەرچەندە خولی یەکەمی دانوستانەکان لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتایی هات، بەڵام ئەم وتووێژانە بەشێکن لە پڕۆسەیەکی دیپڵۆماسی بەردەوام و تەنیا ڕووداوێکی یەکجاری نین.

هاوکات لە سەرچاوەکانی دەوڵەتی ئەمریکاوە بڵاوبووەتەوە کە واشنگتۆن و تاران پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ ئەنجامدانی وتووێژی ڕاستەوخۆی نوێ و ئەگەری هەیە ئەم دانوستانانە ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە بچن.

ئاسۆشێتد پرێس جەختی کردووەتەوە کە وتووێژەکان سەبارەت بە خولی نوێی دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن.