فاتمە موهاجرانی، زیانەکانی پاش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی تا ئێستا نزیکەی ٢٧٠ میلیارد دۆلار ڕاگەیاند کە بەوتەی ئەو، زیانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان لەخۆ دەگرێت.
بەپێی لێدوانەکانی موهاجرانی، داواکردنی قەرەبووی شەڕ یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و لە گفتوگۆکانی "ئیسلام ئاباد"یشدا ڕەنگی داوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەمەش، نوێنەرایەتیی ڕێژیمی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناردنی نامەیەک بۆ ئانتۆنیۆ گۆتێرێش، داوای پێدانی قەرەبووی لەلایەن چەند وڵاتێکی ناوچە لەوانە عەرەبستان، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و کوەیت کردووە.
خستنەڕووی ئەم جۆرە داواکارییانە لە بارودۆخێکدا کە ئابووریی ئێران بەدەست قەیرانی قووڵی نێوخۆیی، خراپیی بەڕێوەبردن و سزاکانەوە دەناڵێنێت، زیاتر بە هەنگاوێکی سیاسی بۆ گواستنەوەی گوشارەکان بۆ دەرەوە دەبینرێت.
ئەم خەمڵاندنە لە کاتێکدا دەخرێتە ڕوو کە هیچ وردەکارییەک و بەڵگەیەکی ڕوون سەبارەت بە چۆنییەتی هەژمارکردن و پشکی کەرتە جیاوازەکانی ئابووری و ژێرخانەکان بڵاونەکراوەتەوە.