هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گرژییە ناوچەییەکان و ڕۆڵی بەرچاوی ڕێژیمی ئێران لەم ئاڵۆزییانەدا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی داوای پێدانی قەرەبوویان لە چەند وڵاتێکی عەرەبی کردووە؛ داواکارییەک کە لەگەڵ ڕاستییەکانی مەیدانی و ڕۆڵی ئێران لە قەیرانەکاندا یەک ناگرێتەوە.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی نوێنەری رێژیمی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە کە ئێران داوای قەرەبووی لە وڵاتانی وەک عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و ئوردن کردووە.
بەوتەی ئەو، ئەم وڵاتانە بەهۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، دەبێت "تەواوی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان" کە وەبەر کۆماری ئیسلامی کەوتوون، قەرەبوو بکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، ژێرخانە وزە و ئەمنییەتییەکانی هەندێک لەو وڵاتانە کەوتوونەتە بەر هێرشی ڕێژیمی ئێران و گرووپە تێرۆریستییەکانی کە زیانی گەورەیان بە ئابووری و ئەمنییەتی ئەو وڵاتانە گەیاندووە.
خستنەڕووی ئەم جۆرە داواکارییانە بەبێ ئاماژەدان بەو ڕابردوویانە، نیشاندەری ڕێکارێکی یەکلایەنەیە و هەوڵێکە بۆ پشتگوێخستنی ڕۆڵی تاران لە ناسەقامگیریی ناوچەدا.
ئەم هەڵوێستە نەک هەر هاوکار نابێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەڵکوو دەکرێت کەلێنە سیاسییەکانی ناوچە قووڵتر بکاتەوە.
لەو پەیوەندییەدا، فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند کە تا ئێستا لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا نزیک بە ٢٧٠ میلیارد دۆلار بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خەسار بەر ئێران کەوتووە.