ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ١٢ی خاکەلێوە، لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، شوێنە جیاوازەکانی تاران لەوانە باکوور، ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئەو شارە کرانە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان و هاوکات سیستەمی بەرگری چالاک کراوە و کارەباش لە هەندێک ناوچە پچڕاوە.
لە پارێزگای ئیسفەهان، هەواڵی هێرشکردنە سەر بەشێک لە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی پۆڵای موبارەکە، نەجەفئاباد، کاشان، خومەینیشەهر و شەهرزا لەلایەن میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بڵاو کرایەوە.
هەروەها جێگە لە کۆمەڵگەی پۆڵای ئیسفەهان، هەواڵەکان باس لە هێرش بۆ سەر کۆمەڵگەی پۆڵای سەفیددەشتی بروجێن لە پارێزگای چوارمەحال و بەختیاری دەکەن.
هەروەها لە کرماشان و قەسری شیرین، چەندین شوێن و بنکەی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردومان کران.
لە ناوچەکانی دیکەدا، لەوانە ئەهواز، شیراز، مەحەلات، زەنجان و چەندین شار و ناوچەی دیکەی ئێران هێرشەکان بەردەوام بوونە و زیانی گیانییان لێکەوتووەتەوە.
هەروەها ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە هێرش بۆ دامەزراوە بەندەرییەکان لە بوشێهر و لەکارکەوتنی هەندێک لە ژێرخانەکان بڵاو کراونەتەوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٢٣٠ ئامانجی سەربازی، لەوانە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەک و ژێرخانە پەیوەندیدارەکان بە مووشەکی بالستیکی لە ئێران پێکاوە و جەختی کردووەتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران بەردەوام دەبێت.