دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە وتارێکی نوێدا بە ئاماژەدان بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی ئەم شەڕە "تا ڕادەیەکی زۆر بەدی هاتوون" و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە کردەودا بوونەتە هۆی گۆڕینی ڕێژیم.
ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی کە نزیکەی مانگێک بەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "توڕەیی حەماسی"دا تێدەپەڕێت، وتی کە هێزەکانی ئەمریکا لەو ماوەیەدا سەرکەوتنی بەرفراوان و بێوێنەیان بەدەست هێناوە.
ناوبراو زیادی کرد کە بەشێکی زۆری توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی لەوانە هێزی دەریایی و ئاسمانی لەنێوچوون و پێکهاتەی فەرماندەیی سپای پاسداران لە لێواری داڕماندایە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها وتی زۆربەی ڕێبەرە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و هەر بۆیەش، بە وتەی ئەو، گۆڕینی ڕێژیم لە کردەودا ڕووی داوە، ئەگەرچی ئەم بابەتە ئامانجی سەرەتایی واشنگتۆن نەبووە.
ترامپ بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی گوشارەکان هۆشداری دا کە لە ئەگەری دەستنەکەوتنی ڕێککەوتن لە حەفتەکانی داهاتوودا، هێرشی بەرفراوانتر لەوانە دژی ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران ئەنجام دەدرێت. هەروەها جارێکی تر جەختی کردەوە کە ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە قەیرانی وزە، وتی ئەمریکا پێویستییەکی کەمی بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە و پێویستە وڵاتانی دیکە بەرپرسیارییەتی دابینکردنی ئەمنییەتی ڕێڕەوەکانی وزە، لەوانە گەرووی هۆرمۆز، بگرنە ئەستۆ.