دامەزراوەی نێودەوڵەتیی "نێتبلاکس" ڕایگەیاند کە پچڕانی سەرتاسەریی ئینتێرنێت لە ئێران پێی ناوەتە ٤٦ەمین ڕۆژ و بێبەشکردنی خەڵک لە هەزار و ٨٠ کاتژمێر تێپەڕی.
نێتبلاکس باسی لەوە کردووە کە بەردەوامیی ئەم دۆخە خەسارێکی قەرەبوونەکراوەی بە ژیان و بژێویی هاووڵاتییان گەیاندووە.
نێتبڵاکس لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەڕای کاراکردنی سیستمێکی سنووردار بەناوی "لیستی سپی"، بەڵام خەڵکی ئاسایی بۆ ناردنی تەنیا پەیامێکی سادە بۆ دەرەوەی وڵات، ناچارن تووشی مەترسیی ئەمنییەتی ببن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا ڕێگەی بە گرووپێکی تایبەت لەوانە: کەسایەتییەکانی نزیک لە دەسەڵات و چالاکانی میدیایی سەر بە ڕێژیم ناسراو بە خاوەن سیمکارتە سپییەکان داوە کە دەستیان بە ئینتێرنێتی ئازاد ڕابگات، تا بتوانن تەنیا گێڕانەوە و پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بکەنەوە.
شایانی باسە کە پچڕانی ئینتێرنێت لە ڕێکەوتی ٩ی مانگی ڕەشەمەوە و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی ڕێژیم دەستی پێکرد.
هەرچەندە هاووڵاتییان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی "وی پی ئێن"ەوە ئەم گەمارۆیە بشکێنن، بەڵام ئەم هۆکارانە زۆر خاو و گرانن و متمانەیان پێ ناکرێت. ئەم بڕیارەی ڕێژیم وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتدا وەسف دەکرێت.