ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوە، خاتوو فەریدە مورادی ناسراو بە "فەوزییە"، کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە ناوچەی کامێران، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد
خاتوو فەریدە، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە ئاوایی "کانێشە" سەر بە ناوچەی سوورسووری کامێران بوو. ناوبراو خوشکی شەهید "کەریم مورادی" بوو؛ ئەو شەهیدە تێکۆشەرەی کە لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەممەی ١٣٦٣دا لە ئاوایی "ئیسەوڵە"ی ناوچەی مەریوان، گیانی خۆی فیدای ئازادیی کوردستان کرد.
خاتوو فەریدە هەر لە تەمەنی لاوییەوە و پێش شەهیدبوونی براکەشی، وەک نیشتمانپەروەرێکی بەوەفا، هەمیشە ماڵەکەی شوێنی حەوانەوە و پەناگەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.
ناوبراو لە ئاوایی "کانێشە" بە ناندان و حەشاردانی پێشمەرگەکان، خزمەتێکی زۆری بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کردووە و لەنێو خەڵکی ناوچەکە و شاری کامێراندا بە کەسێکی دڵسۆز، مێهرەبان و خۆشەویست دەناسران.
ئەم ژنە نیشتمانپەروەرە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی، لەسەر ڕێباز و ڕێگای پڕ سەروەریی دوکتور قاسملوو و شەهیدانی حیزب مایەوە و منداڵەکانی خۆی بەو بیروباوەڕە پەروەردە کرد.
شایانی باسە کە یەکێک لە منداڵەکانی بەناوی "ئارمین (پێشەوا) مەردانی"، ئێستا ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.