کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: حیزبی دێموکرات هیچ چەکێکی لە ئەمریکا وەرنەگرتووە و پشت بە ئیرادەی خەڵک دەبەستێت

18:54 - 25 خاکەلێوه 2726

کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ ''کاناڵ ONE''، وێڕای ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی چەک لە ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستیی دروستکردنی ئاڵتێرناتیڤێکی سیاسی بۆ قۆناغی گواستنەوە لە ئێراندا کردەوە.

بەڕێز خالید عەزیزی ، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ و دەنگۆی ناردنی چەک بۆ هێزە کوردییەکان ڕایگەیاند: "حیزبی دێموکرات هیچ چەکێکی لە لایەن ئەمریکاوە وەرنەگرتووە. چەکەکانی ئێمە هەمان ئەو چەکانەن کە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە پادگانەکان دەست خەڵک کەوتن و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە کوردستان پاراستوونی." ناوبراو هەروەها دەنگۆی ناردنی چەک لە ڕێگەی "سی ئای ئەی" یان کاناڵە نهێنییەکانی بۆ نێوخۆی وڵات بە دوور لە ڕاستی زانی.

سەبارەت بە دۆزینەوەی ئامێرەکانی ئینتێرنێتی "ستارلینک" لە کوردستان، وتەبێژی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە پرسی کوردستان بکاتە پرسێکی ئەمنییەتی و تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بداتە پاڵ تێکۆشەرانی کورد. عەزیزی وتی: "ڕێژیم دەیەوێت بەم جۆرە هەواڵانە بۆ چالاکانی کورد دۆسییەسازی بکات و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە دەستێوەردانی دەرەکی پێشان بدات."

خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و وتی: "ئەم شەڕە تا ئێستا زیاتر لە ئاسمانەوە بووە و لەم دواییانەشدا گەرووی هۆرمۆزی گرتووەتەوە. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو باوەڕەین کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەبێ لە شارە گەورەکانی وەک تاران، شیراز و ئیسفەهانەوە دەست پێ بکات. هەر کاتێک ئیرادەی خەڵک لە مەیداندا بوو بە کردەیی، بێگومان کوردستان وەک هەمیشە بەشێکی سەرەکیی ئەو خەباتە دەبێت."

وتەبێژی حیزب وێڕای ئاماژەدان بە دروستبوونی "هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، جەختی کردەوە کە یەکگرتوویی تەنیا لە کوردستان بەس نییە و پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش لە دەوری ئاڵتێرناتیڤێکی سیاسی کۆببنەوە. ناوبراو وتی: "نەبوونی ئاڵتێرناتیڤ خەڵکی لە نێوان ترس و هومێددا هێشتووەتەوە؛ پێویستە هێزە سیاسییەکان بە قبووڵکردنی یەکتر، پەیامێکی ڕوون بدەنە کۆمەڵگەی جیهانی."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕەزا پەهلەوی عەزیزی ڕایگەیاند: "هەر لایەن و کەسایەتییەک مافی خۆیەتی ئیدعای سیاسی هەبێت، بەڵام بۆ ئێمە گرینگە کە ئەو لایەنە دان بە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا بنێت کە کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوە، فرەئایین و فرەدەنگە. هەر لایەنێک بڕوای بەم فرەچەشنییە هەبێت، دەتوانێت ببێتە لایەنی وتووێژی حیزبی دێموکرات."