کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی دڕۆنیی ڕێژیم پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان شەهید بوو

23:24 - 25 خاکەلێوه 2726

غەزاڵ مەولایی کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کە لە ئەنجامی بوردمانەکانی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی سپای تیرۆریستی پاسداران بە سەختی بریندار ببوو، شەهید بوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە كۆماری ئیسلامی لە درێژەی هێرشەکانی بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە دڕۆن ھێرشی كردە سەر کەمپەکانی ئازادیی حیزبی دێموکرات و سوورداشی کۆمەڵەی زەحمەتكێشان و بەھۆیەوە سێ پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان بریندار بوون؛ غەزاڵ مەولایی یەك لەو بریندارانە بوو كە بەھۆی سەختیی برینەكەیەوە شەهید بوو.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: ''ئەمجۆرە هێرش و پەلامارانە، چ ئێستا و چ پێشووتر، نیشانەی ترس و وەحشەتی کۆماری ئیسلامییە بەرانبەر بە ئیرادەی بەهێز و ویستی نەگۆڕی خەڵکی کوردستان." لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەمجۆرە کردارە هەرگیز ناتوانێت لە عەزمی تێکۆشان و داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کورد کەم بکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆکاری بەهێزبوون، یەکگرتوویی و بەردەوامیی زیاتر لە تێکۆشان.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر کەمپ و بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١١٠ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.