کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاینەنشاڵ تایمز: ئێران ماهوارەی سیخوڕیی چین بۆ پێکانی بنکەکانی ئەمریکا بەکار دەهێنێت

10:48 - 26 خاکەلێوه 2726

ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی نهێنی ماهوارەی سیخوڕیی سەر بە چینی بەکارهێناوە و لەو ڕێگەیەوە توانایەکی نوێی بۆ بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست هێناوە.

پێشتر کاناڵی "ABC News" لە ١٦ی خاکەلێوەدا بە پشتبەستن بە دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە شیرکەتێکی چینی لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکاندا هاوکاریی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، هاوکارییە تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو لایەن دەکرێت بووبێتە هۆی زیادبوونی وردیی هێرشەکان.

سەرچاوەیەک لە ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری ڕایگەیاندووە کە پێنتاگۆن پێی وایە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وێنەی پێشکەوتووی ماهوارەکان کە لەسەر بنەمای ژیریی دەستکرد کار دەکەن بۆ پێکانی پێگە سەربازییەکان بەکاردەهێنێت.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم هەنگاوە نموونەیەکە لە دابینکردنی زانیاریی تێکدەرانە لەلایەن شیرکەتێکی چینییەوە لە چوارچێوەی پلاتفۆرمە سەرچاوە کراوەکاندا (Open-source) کە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە دیاریکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی بەئامانجگرتنی مووشەک و دڕۆنەکاندا.