کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان و دەستبەسەری ٨ هاووڵاتی لە ئیلام

11:31 - 26 خاکەلێوه 2726

لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنە بەرفراوان و ڕوو لە زیادبوونەکانی هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ٨ هاووڵاتی لە ئیلام لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران ئەو ٨ هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دژبەرانی ڕێژیم"، "پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوە" و هەروەها "پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مووساد" دەستبەسەر کردوون.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی بێ‌بنەما و بێ خستنەڕووی بەڵگەی ڕوون و بەشێوەی سەرەڕۆیانە ئەو هاووڵاتییانەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

هەروەها، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناسنامەی دەستبەسەرکراوان، شوێنی ڕاگرتنیان یان دۆخی یاسایییان نەدراوە و ئەم بابەتەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافە سەرەتایییەکانی دەستبەسەرکراوانی زیاتر کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێکخراوی ئیتلاعات سپای خوزستان چەند کەسی بیانی لە ئابادان بە تۆمەتی هاتنە نێو ئێران بە شێوەی نایاسایی و بەکۆمەڵ لە کاتی هەستیاردا ڕاگەیاند، بەڵام ئاماژەی بە ڕەگەزنامە، ژمارە و شوێنی ڕاگرتنی ئەو کەسانە بڵاو نەکردووەتەوە.

دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستبەسەرکردنانە، بەتایبەت لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، نیشاندەری سەرکوتی سیستماتیک بۆ دروستکردنی کەشی ترس و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنییە؛ پرۆسەیەک کە بە تۆمەتی گشتی و نەسەلمێنراو، هاووڵاتییانی ئاسایی دەکاتە ئامانج.