کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوە لە نزیک خاڵێکی پشکنینی بەسیج لە تاران

12:05 - 26 خاکەلێوه 2726

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوە تەقینەوەیەک لە شەقامی "خومەینی" لە تاران ڕووی داوە.

هەواڵدەریی "ئیلنا" باسی لەوە کردووە کە تەقینەوەکە لە ڕێگەی دوو بۆمبی دەست‌ساز بووە کە ئامێری ئێلیکترۆنی و کۆنترۆڵ لە ڕێگەی دووری تێدا بەکارهاتووە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.

ئیلنا لەزاری سەرچاوەی ئەمنیییەتی ڕاگەیاندووە کە ئامانجەکە "خاڵێکی پشکنینی بەسیج" بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەردوو بۆمبەکە "بە ناتەواوی" تەقیونەتەوە، زیانە گیانییەکان سنووردار بوون و تەنیا ئەندامێکی بەسیج و دوو هاووڵاتی بریندار بوون.

هاوکات تەقینەوەکە زیانی ماددی بە چەند ئۆتۆمبێلێک گەیاندووە و بووەتە هۆی شکانی شووشەی پەنجەرەی سێ ماڵ لە دەوروبەری ڕووداوەکەدا.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە بەهۆی زیادبوونی گوشارە ئەمنییەتییەکان و سەرکوتکردنی ئازادییەکان، زۆرجار ئەم جۆرە کاردانەوانە وەک نیشانەیەک بۆ بەردەوامیی ناڕەزایەتییە پەنگخواردووەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران لە قەڵەم دەدرێن.