کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: هەڵاوسان لە ئێران ڕیکۆردی ٨٠ ساڵی ڕابردوو دەشکێنێت

12:08 - 26 خاکەلێوه 2726

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ئاسۆکانی ئابووریی جیهان ڕایگەیاند کە ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێراندا لەم ساڵەدا دەگاتە نزیکەی ٦٩ لەسەد؛ ئەم ژمارەیەش بە بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی تۆمارکراو لە ئێراندا لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە دادەنرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لە بنکەی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە لە واشنگتۆن بڵاو کراوەتەوە، ئێران لە دوای ڤێنزوێلا و سوودان لە پلە بەرزەکانی هەڵاوسانی جیهانیدا دەبێت.

ئەم دامەزراوەیە هەروەها ئەوەی بیر هێناوەتەوە کە ئێران لە سەرەتای ساڵانی ١٣٢٠ و لە سەردەمی داگیرکرانی لە شەڕی جیهانیی دووەمدا، هەڵاوسانی زیاتر لە ٩٦ لەسەدی بەخۆوە بینیبوو.

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بە ئاماژەدان بە ئەزموونە مێژووییەکان، دوو قۆناغی هەڵاوسانی نزیک بە ٥٠ لەسەدی لە دەیەکانی ڕابردوودا بۆ ئێران تۆمار کردووە؛ لەوانە ساڵی ١٣٧٤ و هەروەها ساڵی ڕابردوو کە تێیدا هەڵاوسان گەیشتە زیاتر لە ٥٠ لەسەد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا، مەزندە کراوە کە لە ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕ لە حەوتووەکانی داهاتوودا، ئابووریی ئێران هەر بەردەوام دەبێت لە بچووکبوونەوە بە ڕێژەی ٦.١ لەسەد و کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٤٠٥دا بۆ نزیکەی ٣٠٠ میلیارد دۆلار دادەبەزێت.

داڕمانی ئابووریی ئێران لە کاتێکدایە کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئۆپێک، نرخی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا بەرزبوونەوەیەکی ٨٦ لەسەدی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە سەرووی ١٢٤ دۆلار، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران ١٨٢ هەزار بەرمیل دابەزیوە.

ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە هەروەها جەختی کردووەتەوە کە کەلێنی ئابووریی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە چاو ئابوورییە وڵاتانی دراوسێ، مەودایەکی بێ‌وێنە دروست بووە و ئەم بابەتەش وەک نیشاندەری ڕەوتی دابەزینی پێوەرە گەورەکانی ئابووریی ئێران لە ساڵانی دواییدا هەڵدەسەنگێنرێت.