کۆماری ئیسلامیی ئێران مەڵبەندی ٣ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نیزیک گوندی دێگەڵەی بە دڕۆن بە ئامانج گرتەوە.
هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی خاکەلێوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ئەم کەمپەی شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی بنەماڵە مەدەنییەکانی حیزب پتر لە ٤ جاری تر هێرشی کرابووە سەر. هەروەها ئەو پەلامارە لە کاتێکدایە کە دۆینی سێشەممە، ٢٥ی خاکەلێوەش کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە، کەمپی سوورداش لە نیزیک سلێمانی و هەروەها چەند ناوچەیەکی دیکەش لە خەلیفان و ڕواندز لە باشووری کوردستان هێرشیان کرابووە سەر. شەپۆلی نوێی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی شەهیدبوونی غەزەل مەولان، پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و برینداربوونی دوو پێشمەرگەی دیکەیە ئەم حیزبە.
هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمرۆ بڵاو بۆتەوە، وێڕای مەحکوومکردنی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە ڕێژیمی ئێران دەبێ بزانێت تێرۆر، تۆقاندن و درۆنباران، ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی سست بکات و ئەم هێرشانە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری بەهێزتر دەکات.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١١٠ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.