لە درێژەی هەڵوێستە شەڕەنگیزەکانی کۆماری ئیسلامیدا، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەموئەلئەنبیا، هۆشداری داوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە، کەشتیوانی لە کەنداو، دەریای عومان و دەریای سوور ڕووبەڕووی هەڕەشەی جیددی دەبێتەوە.
عەبدوڵڵاهی بە ئاماژەدان بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، ئیدیعای کردووە کە دروستکردنی "نائەمنی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکانی ئێران" دەکرێت وەک پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار بکرێت.
هەروەها جەختی کردووەتەوە کە لە بارودۆخێکی وەهادا، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگە نادەن "هیچ جۆرە هەناردەکردن یان هاوردەکردنێک" لەم پاناییە ئاوییانەدا بەردەوام بێت؛ ئەمە هەڕەشەیەکی بەرفراوانە کە بە کردەوە بازرگانیی نێودەوڵەتی لە یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوەکانی وزەی جیهان دەکاتە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە کە گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستی پێکردووە و بە وتەی سپای ئەمریکا، لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە لەو گەمارۆیە تێپەڕێت و لانیکەم شەش کەشتیی بازرگانی لە دەریای عوماندا ناچار بە گەڕانەوە کراون.
لێدوانی ئەم بەرپرسە سەربازییەی ئێران لە کاتێکدا دێت کە دوای چەندین حەوتوو پێکدادان، لە نێوان تاران و واشنگتۆن ئاگربەست کرا؛ بەڵام هەڕەشەکردن لە پەکخستنی کەشتیوانیی ناوچەیی نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی لەجیاتی کەمکردنەوەی گرژییەکان، هێشتا پشت بە دروستکردنی نائەمنی دەبەستێت.
لە هەمان کاتدا، شکستی خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان هەر دوو وڵات و ناڕوونی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ئاسۆی دیپلۆماسیی زیاتر تاریک کردووە.
هەرچەند دۆناڵد ترامپ باسی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا کردووە، بەڵام پشتڕاستنەکردنەوەی ئەم بابەتە لەلایەن تارانەوە، وەک نیشانەیەکی دیکەی سەرلێشێواوی و نەبوونی ستراتیژێکی ڕوون لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا لێک دەدرێتەوە.