کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی پارلەمانی ئورووپا لە کاک مستەفا هیجری

17:02 - 26 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، لە پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێل، میشێل گیهلێر Michael Gahler ئەندامی کۆمیسیۆنی دەرەوەی پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا، پێشوازیی لە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێز مستەفا هیجری کرد.

میشێل گیهلێر لە سەرەتای دیدارەکەدا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و هەروەها بارودۆخی ئێستای ئێرانی بەهەستیار وەسف کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسێکی کورتی لەبارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە کرد و لە درێژەدا سەبارەت بە ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی تێبینییەکانی خۆی باس کرد و ڕایگەیاند لەم بارودۆخەدا پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گشتگیر لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی گرینگی تایبەتی خۆی هەیە.

کاک مستەفا هیجری لە باسەکەی خۆیدا وێڕای سپاسی بەڕێز گیهلێر بۆ تەرخانکردنی کات لە وتەکانی خۆیدا باسی بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچەکە کرد و سەبارەت بە هاوپەیمانییەکانی نێو ئوپۆزیسیۆن ڕایگەیاند: ''بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی کورد لە ئێران لەمەڕ هەست بە بەرپرسیاریەتیی لەم دۆخەدا شەش حیزبی کوردستان، هاوپەیمانییەکیان ڕاگەیاندووە و خەباتی ئێمە بۆ وەدیهاتنی ئازادیی و دیموکراسی و فیدرالییە.''

 بەڕێزیان لە دەرێژەدا باسی پێگە و ڕۆڵی ژنان لە خەباتی کوردستان و هەروەها کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و ئێران کرد.

بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە کۆتاییدا ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی دا و پێداگری لەسەر گرنگیی لێکتێگەیشتن و پشتیوانی وڵاتانی دێموکرات لە ئاڵتێرناتیڤێکی دێموکراسیخواز بۆ ئێران کرد.