ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، کە پێنتاگۆن لە ڕۆژانی داهاتوودا چەند هەزار هێزی سەربازیی دیکە دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم بەرپرسانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێزانە نزیکەی ٦ هەزار کەسیان لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یۆ ئێس ئێس جۆرج بوش" و چەند کەشتییەکی شەڕی دیکەن. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هێزانە لەگەڵ نزیکەی ٤ هەزار و ٢٠٠ سەربازی مارێنز تا کۆتایی ئەم مانگە بگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ناردنی ئەم هێزانە وتی: ''دۆناڵد ترامپ بە ژیرانە هەموو بژاردەکانی سەر مێزی هێشتووەتەوە، بۆ ئەو کاتەی ئەگەر ئێرانییەکان دەست لە تەماحە ئەتۆمییەکانیان هەڵنەگرن و نەگەنە ڕێککەوتنێک کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان جێگەی قبوڵ بێت.''
دوو بەرپرسی ئەمریکایی بە واشنگتۆن پۆستیان ڕاگەیاندووە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، بەرپرسە سەربازییەکان خەریکی پلاندانانن بۆ پەرەسەندنی ئەگەریی پێکدادانی سەربازی لە چوارجێوەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە نێو خاکی ئێراندا.
هەروەها ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا هەموو بژاردەکانی خستووەتە ڕوو؛ لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ئاڵۆز بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران، تا دەگاتە دابەزاندنی هێزی مارێنز لە کەناراو و دوورگەکان بە مەبەستی پاراستنی گەرووی هۆرمۆز و کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک.