کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە

15:18 - 13 خاکەلێوه 2726

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک مستەفا ئازەرپیرە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات، کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی کیسەڵانی سەر بەشاری مەهاباد بە هۆی جەڵدە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک مستەفا لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە تەمەنی مێرمنداڵیەوە ڕێگای خەبات و تێکۆشانی لە حیزبی دێموکرات هەڵبژارد و چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی کردە شان.

کاک مستەفا پێشمەرگەیەکی بەنەزم و دیسیپلین و ئەرک وخۆگر و خۆشەویستی هاوسەنگەرانی بوو، ناوبراو لە تەمەنی پێشمەرگایەتیدا زیاتر لە چوار دەیە، زۆر سەختی و دەربەدەری لەم پێناوەدا چێشت و لە هەموو قۆناخە سەختەکانی پێشمەرگایەتی لە خزمەت حیزبەکەی دابوو و ئەرکە حیزبیەکانی بەجێ دەگەیاند.  

بەداخەوە ڕۆژی١٣ی خاکەلێوە، بەهۆی نەخۆشیەکی کتوپڕ ماڵاوایی لە ژیان کرد و ئەویش وەک زۆربەی هاوسەنگەرانی ئازادی و ڕزگاریی نیشتیمانەکەی بە چاوی خۆی نەدیت و دوور لە زێدی لەدایکبوونی لە گۆڕستانی شەهیدان لەپاڵ هاوسەنگەرانی شەهیدی بە خاکی پیرۆزی نیشتیمان ئەسپێردرا.

ناوەندی هێزی پێشمەرگە کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک مستەفا ئازەرپیرە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.