ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، پارلەمانی ئورووپا میوانداریی کۆبوونەوەیەکی سیاسی بوو کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی نەتەوەکانی نێو جوغرافیای سیاسیی ئێران بەڕێوە چوو؛ کۆبوونەوەیەک کە تێیدا داوای بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەلحواز و بەلووچستان لە یەکێک لە گرینگترین ناوەندە سیاسییەکانی ئورووپادا خرانە ڕوو.
ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداریی ڕێبەرانی کوردستان، بەلووچستان و ئەلحواز سەبارەت بە داهاتووی ئێرانی پاش ڕێژیمی ئیسلامی و پێویستیی دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک و فێداڵی لەسەر بنەمای پلۆرالیزم و سێکۆلاریزم، بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی و ئازادی لە ئێراندا، بەڕێوە چوو.
لەم دانیشتنەدا، کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، خاتوو مونا سیلاوی و بەڕێز ناسر بلیدەیی وەک کەسایەتییە ناسراوە سیاسییەکان، بەشدار بوون و وتاریان پێشکێش کرد. هەرکام لەم کەسایەتییانە نوێنەرایەتیی بەشێک لە فەرەچەشنی نەتەوەیی و سیاسیی لە ئێراندا دەکەن.
تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران و گفتوگۆکردن لەبارەی دوورەدیمەنی ئێرانی داهاتوو و ڕۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە گۆڕانکارییەکانی بەردەم، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون؛ هەروەها ئەم کۆبوونەوەیە هەوڵێک بوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی نێوخۆی ئێران و داوا نەتەوەییەکانی گەلانی ئێران.
بە گشتی، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە لە پارلەمانی ئورووپا دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ زیادبوونی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ گۆڕانکارییەکانی ئێران و هەروەها هەوڵی ئۆپۆزیسیۆن بۆ خستنەڕووی ڕێکوپێکتری داوای نەتەوەکانی نێو جوغرافیای سیاسیی ئێران دابندرێت. بەو حاڵە، ئاستی کاریگەریی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە لە کردەودا بەستراوەتەوە بە توانای هێزە سیاسییەکان لە دروستکردنی هاوکاریی نێوانیان و پێشکەشکردنی ڕێگەچارەی ڕوون و ڕاکێشانی پشتیوانیی کارای نێودەوڵەتی؛ ڕێگەیەک کە هێشتا بەربەست و ئالەنگاریی بەرچاوی لەبەردەمدایە.