بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە نێوخۆی کوردستانەوە بەدەستی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، تەمی نادڵنیایی و بێهیواییەکی قووڵ تەواوی ژیانی هاووڵاتییانی داگرتووە و دۆخی بژێوی گەیشتووەتە ئاستێکی هێندە مەترسیدار کە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، خەڵک بۆ پەیداکردنی نانی شەو ناچار دەبن پەنا بۆ توندوتیژی بەرن.
لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە تەنیا لە ماوەی یەک حەوتوودا، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان دوو بۆ سێ بەرابەر بەرز بووەتەوە و بازاڕەکانی تاران و شارە ناوەندییەکان ڕووبەڕووی قەیرانی نەبوونی کاڵا بوونەتەوە؛ بە جۆرێک کاڵایەک کە پێشتر بە ١٦٠ هەزار تمەن بووە، ئێستا گەیشتووەتە ٤٠٠ هەزار تمەن و بەو نرخەش دەست ناکەوێت.
ئەم گرانبوونی بێسەرووبەرییە وای کردووە کە قەفەسەی سوپەرمارکێتەکان و بازاڕی پارچەی ئۆتۆمبێل چۆڵ بن و کاسبکارانیش بەهۆی نادیاریی نرخ و دەستنەکەوتنی کەلوپەل، ناچارن دوای فرۆشتنی پاشماوەی کۆگاکانیان دەرگای دوکانەکانیان دابخەن.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە پیشە بچووکەکان بە تەواوی پەککەوتوون و ئەو گوشارە ئابوورییەی ئێستا لەسەر خەڵکە، لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بێوێنە بووە. هاووڵاتییان لەژێر گوشارێکی تاقەتپڕوکێندان و ئاسۆی ژیان بەهۆی گرژییە سەربازییەکان و هەڕەشەی داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان، زیاتر بەرەو نادیار و داڕمان دەچێت.