کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردن لە کرماشان و شەش پارێزگای دیکە

10:07 - 27 خاکەلێوه 2726

لە بەردەوامیی ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی دەستبەسەرکردنە ئەمنییەتییەکان لە کوردستان و ئێران، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم ٤٥ هاووڵاتی لە حەوت پارێزگا، لەوانە کرماشان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم دەستبەسەرکردنانە لە پارێزگاکانی کرماشان، خوزستان، گیلان، ئیسفەهان، هورمزگان، هەمەدان و کرمان ئەنجام دراون.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە هەندێک لە دەستبەسەرکراوان پەیوەندییان بە "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا" یان میدیاکانی دەرەوە هەبووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دۆسییەدا، وەزارەتی ئیتلاعات هەواڵی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی لە شاری "قەسری شیرین" لە پارێزگای کرماشان ڕاگەیاندووە و ئیدیعای کردووە کە ئەم کەسانە بەتەمای ئەنجامدانی کردەوەی "تێکدەرانە" بوون.

جگە لەمانە، وەزارەتی ئیتلاعات باسی لە دەستبەسەرکردنی دەیان هاووڵاتی دیکە لە پارێزگا جیاوازەکاندا کردووە لەژێر ناوی "گرووپی تیرۆریستی" و ئیدیعای دەستبەسەرداگرتنی چەک و ماددەی تەقەمەنی کردووە.

شایەنی باسە کە لەو ماوەیەدا دەیان کەس لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە تۆمەتی بێ‌بنەما لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی ڕێژیم ڕفێندراون و لە دوایین حاڵەتیش ٨ هاووڵاتی لە ئیلام دەستبەسەر کراون.