کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی دووبارەی دێموکراتەکان لە سێنای ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی شەڕ

10:26 - 27 خاکەلێوه 2726

زۆرینەی ئەندامانی مەجلیسی سێنای ئەمریکا پشتیوانییان لە هەڵمەتە سەربازییەکەی دۆناڵد ترامپ دژی ئێران کرد و پڕۆژەیاسایەکی دێموکراتەکانیان بۆ وەستاندنی شەڕ ڕەت کردەوە.

لە دەنگدانێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، ٥٢ سێناتۆر دژی پڕۆژەکە و ٤٧ سێناتۆر لە بەرژەوەندی پڕۆژەکە دەنگیان دا. ئامانجی دێموکراتەکان ئەوە بوو بەردەوامیی شەڕ بە وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە کۆنگرە مەرجدار بکەن.

ئەم بڕیارەی سێنا لە کاتێکدایە شەش حەوتوو بەسەر هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێدەپەڕێت و تەنیا حەوتوویەکیشە ئاگربەست لە ناوچەکەدا ڕاگەیەندراوە.

لە نێو کۆماریخوازەکاندا تەنیا سیناتۆر ڕاند پۆڵ دەنگی بە پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەریشدا جۆن فەتەرمان تەنیا سیناتۆری دێموکرات بوو کە دژی پڕۆژەکەی پارتەکەی خۆی دەنگی دا.

ڕێبەرانی دێموکراتەکان جەخت دەکەنەوە کە تا وەرگرتنی مۆڵەتی کۆنگرە یان کۆتاییهاتنی شەڕەکە، لە هەوڵەکانیان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی شەڕ بەردەوام دەبن.